مووشەکبارانی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە لایەن بەکرێ گیراوانی ڕژیمی دیکتاتۆری ئێران هەواڵ

بۆ ڕای گشتی

بەداخەوە شەوی 14/4/2021ی زایینی جارێکیتر لە لایەن ترۆریستانی بەکرێ گیراوی ڕژیمی دیکتاتۆری ئێرانەوە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرایە ئامانجی مووشەکی داگیرکەرانی کوردستان ناحەزانی گەل ونیشتمان .

لە دووساڵی رابردوو بەتایبەتی دوای بە سزا گەییشتنی ترۆریست قاسم سلێمانی لە لایەن هێزەکانی ئامریکا لە بەغدا ،هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانجی مووشەکی و کردەوەی ترۆریستی میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ڕژیمی ئێران .

هاوکات بێدەنگی و بێ وڵامی و هەڵوێستی لاوازی ئامریکا و هاوپەیمانانی بەرانبەر بەو هێرشانە ، ئەو بوێرییەی لە جاران زیاتر بە رژیمی ئێران ودەست وپەیوەندییەکانی داوە کە ئەو چەشنە کردەوانە بە ناوی تۆڵە سەندنەوە لە ئەمریکا و دروست کردنی نائارامی و هێرشکردنە سەر بەرژەوەندیەکانی ئامریکا و ئیسڕایل و هەروەها بۆ هێور کردنەوەی ناڕەزایەتیە ناوخۆییەکانیان دژ بە ئاسایش و سەقامیگری وهێمنی باشووری وڵاتمان بکەن و ڕق و کینەی لە مێژینەیان بەرانبەر بە کوردستان دابڕێژن.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە توندترین شێوە ئەو چەشنە کردەوە ترۆریستییانە دژ بە گەلەکەمان وحکومەتی هەرێمی کوردستان مەحکووم و رسوا دەکات .

هاوکات داوا لە ئامریکاو هاوپەیمانانی دەکەین وەک چۆن بە کردەوە لە کوردستان جێگرن و لایەنی سەرەکیی ململانێی دژ بە تیرۆرن لە ناوچەکە ، بەشێکی گرینگی پاراستن و ئاسایشی ئەو هەرێمە لە ئەستۆی ئەوانە . گەر سەقامیکری و ئاشتی و ئاسوودەیی یان لەرۆژهەڵاتی ناوەراست دەوێت ،ئەوە دەبێ بەرەنگاری ڕژیمی ترۆریست و تیروریست پەروەری ئێران ببنەوە و ڕێگە نەدەن چیتر ئەو ڕژیمەی کە تاسەر ئێسقان دژ بە بەها مرۆڤایەتیەکانە، درێژە بە کردەوە قێزونەکانی بدات و ئاسایشی ناوچەکە بخاتە مەترسیەوە .

مەرگ ونەمان بۆ داگیرکەرانی کوردستان

سەرکەوتوو بێ خەباتی گشت رەهەندی نەتەوەییمان

پارتی سەربەخۆیی کوردستان

15/4/2021ی زایینی

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین