پیرۆز بێت نەورۆز، هێمای نوێ بوونەوە و ڕابوون و هەستانەوە، نووسینی سەلیم حەقیقی پەیام و بڵاوکراوەکان

هاو وڵاتیانی خۆشەویست
خوشک و برایانی کوردستانیم

دوای نەمانی کزەبای سارد و کەشی بەستەڵەکی زستانێکی پڕ لە جووڵەی ئازادی، بەرەو پیلی بەهار و نەورۆزی کوردەوای دەچین. نەورۆز بۆ ئێمەی کورد هێمای نوێ بوونەوە و ڕابوون و هەستانەوەیە، هێمای سەرلەنوێ بونیادنان و دەستپێکی خەبات بۆ ژیانێکی سەربەست و ئازادانەیە.
ساڵی ١٤٠١ بە دەستپێکی شۆڕشی ژینا خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویەکی نوێ بۆ کورد دەستی پێکرد، لەو راپەڕینە مەزنەدا کە ئێستاش بە شێوازی جۆراوجۆر بەردەوامە سەدان ئازیزمان لە پێناو مافی نەتەوەیی، ئازادی و سەربەستی لەدەست دان، بریندار بوون و کەوتنە ڕەشە چاڵەکان؛ ئەگەرچی ڕوح و گیانمان بریندار بوو و ساڕێژ بوونەوەشی تەنیا و تەنیا بە ئازادی و مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەییمان وەدەست دێ؛ ئەمەش بە نەمانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژە کورد و داگیرە.
ئێستا لە هەموو کات زیاتر نەتەوەی ئازای کورد پێویستی بە کەسانی زانا و دەروەست هەیە هەتا ئەو دەرفەتە مێژووییە لەبار نەچێ و بە قۆزتنەوەی هەل و دەرفەتەکان هیوای گەیشتن بە ئازادی کوردستانمان لێ وەدیار بکەوێ. ئەوەش ناکرێ مەگەر ئەوەیکە بزووتنەوەی سیاسی کورد و سەرکردایەتییەکەی پێکەوە و بە یەکێتی و تەبایی وێڕای کۆمەڵگای کوردی دەست لەناو دەستی یەکتر بەبێ لەبەرچاو گرتنی کێشە و ناتەباییەکان و هەموو گرفتەکانییان، بە ڕوحێکی خوشکانە و برایانە هەوڵی یەکخستنی گوتارێکی هاوبەشی نەتەوەیی بدەن.
وەک کوردێک و باوکی شەهیدێکی ڕاپەڕینی ژینا تکام ئەوەیە نەتەوەی کورد بەتایبەت تاکی زانا و ئازا لەگەڵ حیزبەکانی خۆیان بن و ڕێنوێنیان بکەن و بەهیج شێوەیەک نەکەونە داوی دووبەرەکی و دژایەتی یەکتر، با خەڵکی کورد متمانەی بە حیزبەکانی خۆیان بکەن و هەموومان پێکەوە ئەو دەرفەتە زێڕینە بقۆزینەوە هەتا بە هەموو ئاوات و ئامانجە بەرزەکانی شەهیدان بگەین. با حیزبەکانیش گوێ لە خەڵک بگرن و ڕەخنەکان وەرد بدەنەوە و ئەوەی بە مەنتقی سیاسی باشە بیگرنە بەر و قازانج و بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەیی ڕەچاو بکەن، ئەگەینا مێژوو ڕەحم بە هیچ کەس و ڕەوتێک ناکات.
ئەگەر وشیارانە و ژیرانە نەجووڵێینەوە گەیشتن بە مافەکانی نەتەوەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو زۆر وەپاش دەکەوێ و بە ئەگەری دڵساردی و بێ هیوایی، هەموومان زەرەر دەکەین. کەواتە با پێکەوە بین و بە ڕەنگە جۆراوجۆرەکانی ناو کۆمەڵگای کوردستان خۆمان بۆ گورزی ئاخر تەیار بکەین بۆ گەیشتن بە هەموو مافە نەتەوایەتییەکانمان.
نەورۆزتان پیرۆز

دڵسۆزی نەتەوەی کورد
سەلیم حەقیقی ٢٩ی ڕەشەمەی ١٤٠١ی هەتاوی


 

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین