پیرۆز بێت دووی ڕێبەندان، ٧٨ هەمین ساڵرۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان

هاونیشتیمانیانی خۆشەویست، کوردستانیانی ئازیز!

دووی ڕێبەندانی ٧٨ساڵە لەمەوبەر بە ئامادەبوونی زیاتر لە بیست هەزار کەس لە چین‌وتوێژە جۆراوجۆرەکانی سەرانسەری کورستان، کۆماری کوردستان لە شاری مهاباد ڕاگەیەنرا. ئەگەر هەموو گەلێک خۆی بە خاوەن ڕۆژێكی مێژوویی نەتەوەیی دەزانێ و شانازی پێوە دەکا، ئێمەش ٢ی ڕێبەندان وەک ڕۆژی نەتەوەیی خۆمان دەزانین و لەو سەرما و بەستەڵەکەدا دەست لەسەر سینگ بەپێوە ڕادەوەستین و سروودی ئەی ڕەقیب دەڵێینەوە.

جیاوازی ئەو ڕۆژە لەگەڵ دەیان ڕۆژی پڕ شانازی دیکەی مێژوویی کە لە بست بە بستی خاکی پاکی کوردستان بە خوێن و شەهامەتی ڕۆڵەکانی کورد و پیشمەرگە گیانبازەکان لە مەیدانی خەباتی چەکدارانە و بزاڤی مەدەنی تۆمار کراوە لەوەدایە کە، کورد لەو ڕۆژەدا لە ژێر ئاڵای پیرۆزی کوردستان و بە پێشاندانی سان و ڕێژەی پیشمەرگەکان لەبەرامبەر پیشەوای نەمرمان "قازی محەممەد" یەکەم حکومەتی دێموکراتیکی کوردی دامەزارند و ئێمەش وەک هەموو گەلێکی سەربەست بە ماف و ویستی سیاسی خۆمان گەیشتین. لەم ڕۆژەدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک ئاخێزگەی بیری ناسیونالیستی توانی بە کەڵک وەرگرتن لە دەرفەتەکان و ژیری و وریایی کەسایەتییە هەڵبژاردە وبلیمەتەکان خۆی، بە مەبەستی وەدی هاتنی ئاواتی مەزنی کوردان حکومەتێک پێک بێنیت کە هەم کوردانی پارچەکانی دیکەش توانیان خۆیان تێدا ببینەوە هەمیش بوو بە هێما و سیمبولی بەرخودان و خەبات و تێکۆشانی نەتەوەی کورد.

ئەگەر بیرۆکەی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژێ‌کاف لەلایەن چینی ئێلیت و نوخبەی کۆمەڵگای کوردی ئەوکات بوو، بۆ قۆزتنەوەی دەرفەت و بیرۆکەی ڕاستەقینەی وەدیهاتنی ئەو ڕۆژەش لە ئاوەزی کراوەی پێشەوامان هەڵقوڵاوە کە پێشتر بە وەدیهێنانی یەکێتی و یەکگرتوویی لانیکەمی پێکهاتە ئاڵۆزەکانی ئەو سەردەم، کۆماری کوردستان، خەونی کوردان، وەدیهات.

دامەزرانی کۆماری کوردستان لەو ڕۆژەدا، نەک هەر توانی کورد زیاتر لە جاران بە هەموو دنیا بناسێنێ بەڵکوو بووە هۆی دانانی چەندین هێمای مەزن کە هەتاهەتایە کورد شانازیان پێوە دەکات و ڕێزیان لێ دەگرێ کە بریتین لە؛ ئاڵا، هێزی پێشمەرگە و سروودی نەتەوایەتی. ئەم سێهێمایە هەتا ئێستاش هەر وەک سێ کۆڵەکەی شوناس و بیری نیشتمانی و رەوتە ڕەسەنەکانی کورد سەیر دەکرێن.

کۆماری کوردستان و پیشەوا و تیمی وەزارەتی حکومەتی کورد هەر بەوەندە قایل نەبوون و لە بواری زمان، کلتوور، هونەر، وێژە، ڕێز گرتن لە چینە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا و بەشداری پێکردنیان، ئابووری، ئاسایش، سیاسەت، ڕێکەوتنەکان و ... توانی لە ماوەیەکی کەم دا زۆر رێگا ببڕێ و کاری گەورە بکا.

ڕۆژی دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤ـی هەتاوی خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی نەتەوەی کوردە کە وەک رێبازێکی زیندوو بۆ خەباتکارانی هەموو چواربەشەکەی لێهات و ناسیونالیزم و نیشتمان پەروەری وەک ڕەمزێکی نەتەوەیی بۆ گەیشتن بە ویست و داخوازاییەکانی گەلی کوردیان لێهات. ئەو ڕۆژە پیرۆزەش وەک ڕۆژێکی پڕشنگدار لە مێژووی خەباتی گەلی کورد هەردەم بە گەورەیی و پیرۆزییەکی تایبەت یادی دەکرێتەوە و ڕێزی لێ دەگیرێ.

بەرز و پیرۆز بێ یادی ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان

پارتی سەربەخۆیی کوردستان 
٢٠/١/٢٠٢٤

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین