ئاسۆ روونە هۆنراوەکان

پۆڵا نانەوازادە

ئێوە ئەی هۆزی دەغەڵ، دەوڵەتی داگیرکەری کورد
ئێوە ئەی خێڵی شەڕ و بوونەوەری دژبەری کورد 
چەندی تر خوێن دەڕژن تاکوو لە قین تێربێ دڵوو
چەند کەسی تر دەکووژن تاوەکوو دامرکێ کوڵوو
چەندە لاو ماوە بەدەست ئێوە لە سێدارە درێ؟ 
چەندە تاوان و غەدر ماوە هەزاربارە کرێ؟
چەندە سامانی خەڵک ماوە بە تاڵان ببرێ
چەندە باغ و ڕەزیتر ماوە کە ئاگر بگرێ؟
چەندە دایک کە لە داخانوو بەرۆکی بدڕێ؟
چەندە باوک کە لە تاو ڕۆڵەیی فرمێسک بسڕێ؟ 
چەندە ئەنفال و ژێنۆساید و چەنێ ئاگری شەڕ
ئێوە ئەی نوێنەری کوشتار و ڕق و هێنەری شەڕ
ئێوە داگیرکەر و تاڵانکەر و ناڕاست و دەهۆن
ئێوە تاوانکەر و سەربار و پەڵە و خێڵی درۆن 
نییە ماف ناوی لە هەر شوێنێ کە وا ئێوە هەبن
خەڵکی ژێردەست و لە ژێر زەخت و لە ژێر دار و پەتن
ئێوە ناوبانگی جیهانیی و هەیە بۆ قەتڵ و تێرۆر 
دژی ئاشتین و لە بیر کێشە و ئاژاوە و زۆر
ئێوە بێزراوی جیهان موشکیلی گەورەی بەشەرن
لە مرۆڤایەتیی تووڕە و لە بەهانە و لە شەڕن 
بەشی ئێمەی گەلی کورد لەم دەستەڵاتە رەشەتان
پشکی شێرە لە هەژاریی و لە نەبوونی دەرەتان
هەرچی تاوانی هەبوو کردوو لە بۆ توانەوەمان
ئێمە هەر ڕوو بە سەرێ چوو گەشە و مانەوەمان
جێگەیی فەخرە کە کورد وا لەسەر و هەر لە گوڕە
ئێوە هەر ڕوو بە نەمان و بە شکان، حاڵ و شڕە
دەستەڵاتێکی بەزۆری چەک و خوێن دابسەپێ
زوو و درەنگی هەیە بەس حەتمە کە هەر تێک دەتەپێ
نەتەوەی کورد گەلێ جیاوازە لەوەی قاوە لە لاو
ڕەگ و ڕیشەی لەوە قایمترە وا دیارە بە چاو 
خاکی کورد لانکی مرۆڤایەتیی کۆنی بەشەرە
گەوەڕ و دار و کەژی بەڵگەیی مێژووی لەسەرە
ئەو زەمان ڕۆیی بتوانن کە زمانمان ببڕن
ئەو زەمان ڕۆیی کە مێژووی گەلی کوردمان بسڕن
ڕێگەتان سەرکوت و زیندان و چەکە، ئێوە هەڵەن
ئێوە مەحکوومی بەجێهێشتنی ئەم خاک و گەلەن
کاتی وەی هاتووە کورد دژ بە زوڵم ڕابپەڕێ
دژی داگیرکەری کورد، ڕاست و چەپی یەک بگرێ 
ڕاپەڕینێکی کە داگیرکەری کورد جاڵە بدا
بیری چەسپاندنی ڕێفڕاندۆمێ ڕزگاری بکا
شەختە و تەرزە و زریان و کڕێوە و ڕەشەبا
بێتە کۆتایی ئیتر نۆرە بگاتە شنەبا
شنەیی بایی بەهاری کە بژێنێتەوە گیا 
بۆنی بەیبوون و هەڵاڵە پڕی کا دەشت و چیا 
ئاوەدان بێتەوە ماڵ و ڕەز و بێستان و چەمی
بزە باداتەوە نێو چاوی بە ئەسرین و خەمی 
گوڵی سەربەستی لە هەڵدان و ڕووان و گەشە بێ
کورد بە ڕزگاری بگا دوایی بە ئەم بەش بەشە بێ
سەربەخۆیی گەلی کورد زامنی ئازادی ئەوە
تاکوو ژێردەست بێ دێمۆکراسی وەدی نایە خەوە
پۆڵا ــ ٢٠٢٢،٢،١١
ستۆکهۆڵم

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین