بە پێوە دەمرم بەڵام چۆک بۆ دوژمن دانادەم. بەیاننامەی هاوبەشی پارتی سەربەخۆیی کوردستان و پارتی سەربەستی کوردستان بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە پەیام و بڵاوکراوەکان

بەبۆنەی ١٠ی خاکەلێوە
بە پێوە دەمرم بەڵام چۆک بۆ دژمن دانادەم. 
بەیاننامەی هاوبەشی پارتی سەربەستیی و پارتی سەربەخۆیی کوردستان. 

رۆژی ۱٠ی خاکەلێوە رۆژی پتەوبوونی بیری ڕزگاری و سەربەخۆییخوازییە.
‎هاونیشتمانیانی خۆشەویست !
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان ! 

‎نیشتمانی پیرۆزمان بە خاک و ئاو و خەڵکەوە، بە هەزاران جار کەوتۆتە بەرهێرش و پەلامار، کوشت و بڕ و تاڵانی داگیرکەرانی فارس و تورک و عەرەب. مێژوومان شاهیدە بۆ هەزاران جار کۆمەڵکوژی، ژینوساید و ئەنفال، بۆمبارانی شیمیایی، وێرانکاری لە سروشت و ژینگە و سامانی سەر زەوی و بن زەویی وڵاتی داگیرکراومان. ڕابردوومان پڕە لە کارەساتی تاڵ و دڵتەزێن، کە هەر کام لەم رووداوانە بە نۆبەی خۆیان کاریگەری نەرێنیان بووە  لەسەر شێواندنی ناسنامە و هێماکانی نەتەوەیی و نیشتیمانی کورد و کوردستانی ئازیزمان.
‎ ۷٥ساڵ لەمەوبەر لە بەرەبەیانی رۆژی ۱٠ی خاکەلێوەی ٢٦٤٧ی کوردی، بەرامبەر بە ۳٠ ی مارسی ۱۹٤۷زاینی، پێشەوا قازی محەمەد سەرۆک کۆماری دەوڵەتی کوردستان، محەمەد حوسێنی سەیفی قازی و ئەبولقاسمی سەدری قازی، دوای "محاکەمە" یەکی فەرمایشی، بە فەرمانی محەمەد رەزا شا و ستادی ئەرتەشی ئێران لە مەیدانی چوارچرا، هەر لەو شوێنەی کۆماری کوردستانی لێ ڕاگەیەندرابوو لە داری بێدادی دران.
۱٠ی خاکەلێوە، ۱٦مارس وهەڵەبجە و ئەنفال  لەو رۆژە کارەساتبارانەی گەلەکەمانن کە هەرگیز لە بیر ناچنەوە.
لە راستیدا رژێمی پاشایەتی پێی وابوو کە دەگەڵ پێشەوا و باقی رێبەرانی کۆماردا کوردستانی بە ئاو و خاک و کەرامەتیەوە هەڵاوەسیوە. غافڵ لەوەی ! ئازایەتی و لەخۆبردویی پێشەوا لە کاتی دادگاییکردنی، وەسیەتنامە مێژووییەکەی، خۆنەویستی و وڵاتخۆشەویستی پێشەوا و هەرەوها کارنامەی۱۱ مانگەی سەرۆک کۆماری و کاراکتێر و هەڵسوکەوت و رابردووی بێگەردی وبێباکی ئەو قارەمانە مەزنە ، دوای۷٥ ساڵ مەشخەڵ و ڕێنوێنن بۆنەتەوەکەمان و ڕێبەرانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد چ لە ئێستا و چ لە داهاتوودا. 
‎بە پێچەوانەی ویستی داگیرکەران، سێدارە و کۆت و بەند، زنجیر و گوللەباران، ئەنفال و کیمیاباران، نەتەنیا نەتەوەکەمانی بە چۆکدا نەهێناوە و تەسلیمی توانەوەی نەتەوەیی وپاکتاوی رەگەزیمانی نەکردوە، بەڵکو لە خەبات بۆ ڕزگاری و سەربەخۆیی و سەروەری نەتەوەیی ڕژدتر و هەنگاوکانمانی شێلگیرتر کردووە. سەرەڕای ئەم گشتە نەهامەتیانە لە پێناو رزگاری و سەربەخۆیی دا نەسرەوتووین و ناسرەوین.
‎ئێمە دوو پارتی سەربەستیی کوردستان و پارتی سەربەخۆیی کوردستان، سەری رێز و نەوازش بۆ بارەگای پێشەوای نەمر و هەڤاڵانی دادەنەوێنین.
هیوادارین ئەم رۆژە مێژووییە بە پشتیوانی و هاودەنگی گشت پارت و رێکخراوە سیاسییەکان لە هەموو کوردستان وەک ڕۆژی شەهیدان بناسرێت، و بیکەینە هەوێنی یەکگووتاری و هاوبەندیمان.
ئێمە وەک دوو پارتی نەتەوەیی و سەربەخۆییخواز، خۆمان بە درێژەدەری بیر و هزر و ڕێبازی پێشەوای شەهیدمان دەزانین. کاکڵ و ئامانجی خەباتمان بۆ ژیاننەوە و دامەزرانی  دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە. ئەو ڕێبازەش بە گوونجاوترین خەبات بۆ ڕزگاری گەل و خاک و خەڵک دەزانن. هیواخوازین کە گشت لایەنە خەباتگێڕەکانی کوردستان خەمخۆری خەباتی سەربەخۆییخوازیی کوردستان بن.
‎سەرفیرازی و سەروەری بۆ سەرجەم شەهیدانی هەر چوار پارچەی کوردستان.
‎بەردەوام بێت ڕێگای پێشەوای نەمر، رێگای رزگاری و سەربەخۆیی یەکجاری کوردستان.
‎پارتی سەربەخۆیی کوردستان 
پارتی سەربەستیی کوردستان

۱٠ ی خاکەلێوەی ۲۷۲۲ی کوردی

 

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین