کێشەی پەکەکە و پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرژەوەندی کێ دایە؟ پەیام و بڵاوکراوەکان

لەدوای دامەزرانی کۆماری کوردستان، هەرێمی باشووری کوردستان، وەک بەرچاوترین و گەورەترین دەستکەوتی مێژوویی گەلی کورد لە ماوەی چەندین دەهەی ڕابردوودا ئەژمار و پێناسە دەکرێت. پێکهاتنی ئەم کیانە نەتەوەییە بەرهەمی خوێنی هەزاران هەزار شەهید و قوربانی وخەباتی چڕوپڕ و دوور و درێژی قارەمانانی نەسرەوتووی گەلی کوردە و لە هەمان کاتداجێگای هیوا و هومێدی ئەمڕۆ و داهاتووی گەلەکەمانە. بە لەبەر چاوگرتنی ئەم ڕاستییە پاراستنی ئەم دەستکەوتە نەتەوەییە وێڕای ڕەخنە لە کەم کوڕییەکانی ئەرکی تاک بەتاکی کوردان و هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەر چوار پارچەی کوردستانە. شێواندنی ئاسایش و ئارامی کوردستان بە هەر بڕ و بیانوو و ئەنجەتێک راستەوخۆ دەچێتە خانەی جێبەجێ کردنی پلان و ئاواتی داگیر کەران .
 بێگومان هەرلایەنێک بە شکاندنی شکۆی کوردایەتی و هەڵایساندنی شەڕی ناو خۆیی تاوانبار بێت دەبێ لە بەرامبەر خەڵکی کوردستان جوابگۆ بێت. دیارە مێژوو و گەلی کورد بە سانایی لێیان خۆش نابێت و دەبی تاوانی ئەم هەڵە گەورەیە بدەنەوە . ئەوەی ئاشکرایە کوردستان خاک و ماڵی هەموو کوردانە. خۆشکردنی هەر ڕێڕەو وبەستێنیک بۆ ئەوەی کورد لە هەموو خاکی کوردستانی گەورە خۆی بە غەریب و نامۆ بزانێ دژ بە بەرژەوەندی گشتی و نەتەوەیی دێتە ئەژمار. 
وێڕای به هێند گرتنی ئەم مافە پێویستە هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی بەشەکانی دیکە خۆ بپارێزن و ڕێز لە یاسا و ڕێساکانی ناو خۆیی و نەتەوەیی و نێودەوڵەتی بگرن. هەڵاییساندن وخۆشکردنی شەڕی ناوخۆیی، گڕژی و ئاڵۆزی نێوان هێزە کوردیەکان جگە لە دوژمن کەس قازانج لێ ناکات. شەڕی نێوان دوو هێزی کوردی براوەی نییە، لە هەر حاڵەتێکدا هەر دوو دۆڕاون و لە ئاکامدا دۆڕاو و زەرمەندی سەرەکی بە گشتی خەڵکی کوردستانە. نەک هێزی ولایەنی سیاسی. رێگای چارەسەری کێشەکان تێکهەڵچوونی سەبازی وقوربانی کردنی ڕۆڵەکانی کورد نییە. دیاڵۆگ و دانشتن و گەیشتن بە تەفاهوم تاکە ڕێگەی مودێرن و سەردەمیانەیە. داگیرکەرانی کوردستان بە درێژایی مێژووی بە پلان و بەرنامەی ستراتێژیک خەریکی سازکردنی دوو بەرەکی و ئاژاوە نانەوە و خۆشکردنی شەڕی کورد و کورد و بە گشتی تواندنەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردن. لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو دوژمنان ئەم هەلانەیان بە قازانج خۆیان قۆستۆتەوە. و دژ بە خۆمان کەڵکیان لێ وەرگرتووە. پارتی سەربەخۆیی کوردستان وێڕای بەهێڵی سوور زانینی شەڕی ناوخۆیی و مەحکوم کردنی دەستێوەردان لە کاروباری هەرێمی کوردستان خۆی بە هاوخەمی بنەماڵەی شەهیدان دەزانێ و دوا لە هەر دوو لایەنی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان رێگای دیالۆگ و گفتوگۆ هەڵبژێرن. 

سەرکەوێ خەباتی ڕزگاری گەلی کورد, تەبایی و یەکڕیزی زامنی سەر کەتنمانە.

 پارتی سەربەخۆیی کوردستان

2021/06/14

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین