وەڵاتی من هۆنراوەکان

جگەرخوێن

جگەرخوێن لە ساڵی ١٩٠٣ لە باکووری کوردستان لە گوندی حەسار نزیک بە شاری ماردین لەدایکبووە. بەمنداڵی شوانی و گاوانی کردوو، لەبەر ئەوەی نەداربوە و باوکی کۆچی دواییکردوە، خوشکەکەی گرتوویەتییە خۆی و بەخێوی کردووە و دواتر لەبەر ھێندە دەردە نەداری و ھەژاری بەناچاری گوندی حەسار جێدەھێڵن و لەساڵی ١٩١٤ بۆ گوندی ئـاموودە دەیگوێزنەوە.

جگەرخوێن ھەر لە منداڵییەوە زیرەکی و ھۆشیاری و توندوتۆڵی پێوە دیاربووە و حەزی لە خوێندن کردووە، بۆیە بەھەر جۆرێک بێت، ناردوویانە بەر خوێندن لە حوجرەی مزگەوت و سەرجەم خوێندنەکانی زۆر زیرەکانە بەرێکردووە وەک خوێندنی زمانی عەرەبی و زانستەکانی ئایینی ئیسلام، بۆیە بە ئومێدی تەواوکردنی مۆڵەتی دوازدە زانستی باکوور و ھەر چوار پارچەی کوردستان گەڕاوە و دواتر لەسەر دەستی مەلا عوبێد وەرگرتووە. لە ڕۆژئاوای کوردستان و ماوەیەکیش لە باشووری کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان مەلایەتی کردووە. 

جگەرخوێن لە ساڵی ١٩٤٦ ز ڕوو دەکاتە شاری قامیشلی و دەست بەکاری ڕامیاری دەکات و دەبێتە ئەندامی پارتی جڤاتا ئازادی و یەکیەتییا کورد (Civata Azadî û Yekîtiya Kurd). لەساڵی ١٩٤٨ ز دا دەبێتە ئەندامی پارتی کۆمنیستی سوری و لەساڵی ١٩٥٤ ز دا بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی سوریا دەپاڵێورێت. لەساڵی ١٩٥٧ ز واز لەپارتی کۆمۆنیست دەھێنێت و ڕێکخراوی ئازادی دادەمەزرێنێت. ئەو ڕێکخراوەش پاشتر دەچێتە ناو پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریاوە. لەساڵی ١٩٥٩ ز دا جگەرخوێن ڕوودەکاتە باشووری کوردستان و تا ساڵی ١٩٦٣ ز لە زانکۆی بەغدا دەبێتە مامۆستای وانەبێژ لە بەشی زمانی کوردی. دواتر دەگەڕێتەوە بۆ قامیشلی سەرقاڵی نووسین و کاری ڕامیاری دەبێت. ھەر لەو ساڵەدا و لە شاری دیمەشق دەخرێتە گرتووخانەوە. بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی جگەرخوێن لەساڵی ١٩٦٩ ڕوو دەکاتە کوردستانی باشوور و چالاکی کوردایەتی خۆی پێشکەشی شۆڕشی کورد دەکات. لەساڵی ١٩٧٣دا بەرەوو لوبنان دەچێت و لەوێش ھۆنراوەی کیمە ئەز (Kîme Ez) دەنووسێت. جگەرخوێن لە ساڵی ١٩٧٦دا بۆ سوریا دەگەڕێتەوە و لە ساڵی ١٩٧٩ ناچار دەبێت ڕووبکاتە وڵاتی سوێد و لەوێ وەک پەناھەندەیەک دەگیرسێتەوە و بەنووسینەوە سەرقاڵ دەبێت و لە ١٩٨٤. ١٠٫٢٢ کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی بۆ قامیشلی دەگوێزرێتەوە و لەوێ بەخاکی کوردستان دەسپێدرێت، ئەوەش ھەروەک خۆی پێش مردنی داوایکردبوو.

 

وەڵاتی من تووی بووکا جیھانی
ھەمی باغ و بھشت و مێرگ و کانی
سەری تاجا سەلا‌حەددینی کوردی
ئەنی ڕۆژە دەبورجا ئاسمانی
دوو چاڤێن تە وەکی دەریایی ھورمز
کەپوو ئەلماسە کاری کووش و وانی
دوو زولفێن تە کتێبا حاجی قادر
زمانێ تە ژ بەندا شێخی خانی
جگەر خوینە کورێ تە ھەر دنالی
ژ بەرنەزانی و خزانی!!

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین