کۆتەڵ، نووسینی سەلیم حەقیقی هۆنراوەکان

لەسەر پەلکی ڕەشە ڕیحانە بەبۆنی شەمامەیەکی زەردهەڵگەڕاو، نەرم وەکوو سینگی شۆخی دەلال بۆنێک دەچێتە ناو مێشکم لە بۆنی عەتری هیچ وڵات و نیشتمانێک ناچێ، بەهێوری وێک دێنم چاوەکانم و بەرەو ڕابردوو ئاقار دەگۆڕم، دەچمەوە بێستانی دێمەی بیرەوەرییەکان ئەو دەمانەی حەزم لە ژوان هەبوو، خولیای پەیکەرێک بووم بەباڵای بەرز و بزەیەکی شێتانە شلک ڕاوەستێ و بێ دەنگ بڕوانێ و تەنیا دەنگی هەناسەکانی، گەرمای لەشی هەست پێ بکەم، با ئەو چاوم دە چاوی نەبڕێ و گەردەنی ڕاکێشێ و سەری بەرز بکاتەوە بڕوانێتە حاسمان و چەنەی لایەکی خۆر بگرێ و چاوەکانی مەستانە بنوقێنێت، لێوەکانی تین و گڕ بەڵام نەبزێوێ، هەر هەبێ بەڵام ترپەی دڵی من هەستم نەشەمزێنێ، قسە نەکا نەدوێ مەبادا کانیاوێکی سڕ گڕکانێک لە شەتاو بێتە گۆ و تەر تەڕم بکا دیسان غەمێک و دیسان هەڵفڕین و هەمیسان باوەشێک بەردی گەرم و سارد! ئەمجارەش گرمەی شکانی ناسکی دڵ!
ئەو ئەوینەی لە بەرزاییەکدا تیڕێژ دەهاوێژێت و دەستی وەک کۆتەڵی ئازادی بە هێمای خۆشەویستی بەرز بکاتەوە و ڕێک لە باوەشم بگریت، بملاوێنیتەوە، ڕامژێنێ و لەسەر داوێنی پەمەیی ئۆقرە بگرم ڕانی ببێ بە دارەباز، پشتی ببێ بە پەنا و سینگی ژینی ناوازە...
بە هەموو بارانێک سەرخۆشم بەهەموو بەفرێک کلوو کلوو دەڕژێمە ئاگردانی شۆفارە و لەسەر تەرمی گزی و دهۆ بە ڕەشەبایەک گوڵاڵەی سوور دەچێنم...
لە هەموو وەرزەکان ڕەنگێک هەڵدەبژێرم بۆ لێوی، کلی سووتاوی جەستەم بۆ چاو و ڕەنگی پەشۆکاوم سوور و سپیاوێک بە هەناسەی ساردەوە دیارییەک بێ شەیەک لەسەر بسک و پرچی ئاڵۆزی ئەو کۆتەڵەی لە بەستێنی ڕووبار و چەم بە خەیاڵی خۆم لە گابەرد و ڕەوەزێ دایدەتاشم، ئەو هەیڤانەی لەژێر شۆڕەبی دەم کانی ژوان، لە پەنا پۆڕێ شیلان بە تاسەوە چاوەڕێی زەردەپەڕم هەتا وێنا بکا هەموو ئەو کاتانەی لە حەسرەت مێلاقە و مێخەک، ملوانکەیەک، خڕخاڵێک، پاوانەیەک بهۆنمەوە بۆ سێوی لاسووری پاییز بیخەمە سەر تاخچەی ژووری دڵ و بۆ هەتاهەتا کەزی ئاماڵ ئاڵی بهۆنمەوە با هەموو بەیانییان ئاوپڕژێن بکا هەناوی سووتمانم، بۆسۆی سووتانم دامرکێنێ خەونی خۆشی پارشیوان لەو کاتانەی سەرینم هەڵێخستووە بە هەنیسک و گریان بە ڕوندکی چاوی بێ ناز و قەت خۆشی نەدیو...
هەمێستا لە دوورەوە چاوەکانم دەبڕمە سەرچیا سەرکێشە تەماوییەکان، ئەو کۆتەڵەی لە خەیاڵم سازکردبوو لەژێر ڕەهێڵەی تراویلکە و دوورییەکی بێ بن گڕووی گرتووە و دانامرکێ، هەموو ژیانم مۆتەکەیە و ئارەقەی تەوێڵم لە بەستەڵەکی غوربەت هەموو لەشم دادەگرێ، ترسێکی سامناکتر لەبێ تۆیی و لە نەگەڕانەوەی ئەو ڕۆژانەی لەدەستم چوو...

 

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین