گڕی نەورۆز، نووسینی سەلیم حەقیقی هۆنراوەکان

بە بیچمی سپی ئاماڵ بەفری تینووی زەوی، چارۆگەی سەرشانی قەدوپاڵ و نشێو و ڕەوەز و ڕێگا و ڕێچکە و بەندەن و بەرد و لاپاڵ و خر و دۆڵی داپۆشیوەی ئەو کەوییە بەفرانەی کلوو کلوو لە ئاسمانی خۆڵەمیشی نیشتمانێکی چیا و شاخ دائەباری. ئەو چلوورانەی سەربان و پەرژین و پەردوو و خوناوکەی پاوان و قۆرغ و قۆپی و زناو و کانیاو، بە دەم هەوێزی زەردی سڕ و خۆڵەپۆتی کز گرتووی بەستەڵەکی سەر گیشە و زوخمی لادێ بە شەوارەی تیشکی مانگەشەوێکی ئادار هەتا سەر لکی دارە سێو و هەنار و هەرمێ و هێشووی ڕەزی ڕق هەڵاتووی ترێ... ڕۆدەچیتە هەناوی خاک و بە پۆلووی ڕوونی هەتاو گڕ دەگرێ، زیندەوەر و گیا و ڕووەک و مێرگ و چیمەن دەبێتە قاسپەی سروشت و سەر دەنێت گەزیزە و سوێسن و سەوزە بەسەر لاولاوەی قەدی شۆڕەبی دەلاوێتەوە بێشکەی گڕێک گوڕ گوڕ پەنگ دەداتەوە هەتا ئەو کاتانەی لەسەر نەینەوا بە تاسە هەسپە شێی کاکەسوار بە داڵانی دیرۆکی شەبەق شەو ئەدات هەموو ئێواران بە گڕی سەرکەوتنی گەل دەسووتێ ئەو نەیارانەی شایی و چۆپی و سەرکەوتن یاساغ دەکەن، ئەوان داگەڕان بە بەژنی مێژوو بە پاوانەی پێی هەتاو هەتا ملوانکەی گەردەنی بێری و بازنە و گوارەی ژنێکی خولیای خۆرەتاو. ئەو گڕانەی دادەگیرسێن لە بەرزان و لوتکە و دوند و  تەپک و گردی وڵات کوێر دەکەن ناحەزان کپی گوێ بە مۆسیقای هەڵپەرکێ ئاوەزێکی کەون و کائاژن ماخولیا بەدەوری شێخی شەو دەسووڕێن و بەرد لە ئەوین دەگرن هەتا قیزەونی قەل لە کەونەلانی کاولی گەنیو خول دەخۆن و پەلەقاژەیەکی بێ ئاکام دەگرن. باهۆزی گەل بە ڕەشبەڵەک دەسرازە لە ڕکێفی شەم گرێ دەدا و بە تاسەوە چۆپی بەسەر زەوی گرمەی گڕی ئاگر دەگەشێنێتەوە بۆ شایی نەورۆز. کاتێک شەتاو، ڕووبار، بەفراو و کانیاو دەڕژێنە زەریای نیشتمان و تێکەڵ بە ڕیزی گۆڤەند دەبن، کاتێک چیمەن و سەوزە، پشکۆ و چووکەرە وێکڕا سەر وەدەردەنێن ئەودەم بولبول و سوێسکە ئەو چڵ بۆ ئەو چڵ گەشکەی خۆشی دەچریکێنن، ڕووپاکی نەشمیلی دەم بەبزە بە هیوای فڕین بەرەو حەز و ژوانی یار بەرگی سوور و کەسک و زەرد دەخەملێنێت لەشی ناسک و زراڤی دەلالی چاو بەکلی کۆڵمە ئاماڵ خوێنی دڵ پڕ لە ئەوین...لە بۆسەیەکی قیزەون فڕی هاری ڵێڵ بەنێو چاوانی گڕژ و خەیاڵی گڵاو شۆفارەی قین لە دڵ دژی هەموو ئەوین و خۆشییەک دەقیڕێنێ و گەنج و لاو دەتاسێنێ لە وەرزی ژینی نوێ پەت دەکاتە دیاری... بەڵام ئەمە گڕی نەورۆزە و ڕادەدا تەم، پاقژ دەکا گەل و واڵا دەکا بەند و دەسووتێنێ ئەو دڕکانەی خەرفاو و قەڵغانی باوەڕێکی گنخاو بە گژ خۆشیی و شەیدای ئەوین دادێنەوە و کەزیلەی زەرد دەهۆننەوە بۆ دەست بازی یار. گڕی خۆرهەڵات لە زمان و ئاوەز و فام و هەناوی گەڕەک و لادێ و شار دەردەقوڵێ و هەموو سروودێک بە سەرکەوتن گەڕی سێ پێیی خۆش دەکا وەک پەنگری ژێر خۆڵەمێش وەک گڕکانی چیا وەک ئاوی کانیاو و دەڵاو دووڕگەیەک دەگرێ دەیکا بە ڕووگەی ئەوینداران و هەموو کوردێک بۆ نزا ڕووی تێدەکا دەگەشێتەوە ئاگری گەش. بۆنی شنەی عەتری گوڵ و باران خوناوکەیەک بەسەر ڕوومەتی ئەوانەی دڵیان بۆ نیشتمان لێ دەدا بە هێوری شایی دەکا و ئەو نەوڕۆژەی یەکەم کازێوەی بەربەیان لەسەر ترۆپکی شارێکی خینکاو ئاڵای شەکاوە وێڕای "ئەی ڕەقیب" دڵان گەش دەکا وەکوو ئەو ئاگرە ڕادەماڵی هەنیسک و نەیاران، بەهارێک دادێ شا بەهاری هەموو کوردان.

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین