هەر کوردم هۆنراوەکان

هەژار موکریانی

«عەبدولڕەحمانی شەرەفکەندی» کوڕی حاجی مەلا محەممەد بووە و لە ساڵی ١٩٢٠دا لە مەھاباد لە دایک بووە و بە لاویەتی لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونە تەرەغە. لە ساڵانی سەرەتایی ژیاندا لە لای باوکیدا و دواتر لە حوجرەکاندا لە بەر دەست چەند کەس لە مامۆستا ئایینییەکان، دەرسی گولستان و بووستانی سەعدی خوێندوە. بەڵام بەپێی ئەو شتەی کە لە چێشتی مجێوردا باسی دەکات، دەستکەوتێکی زۆر کەمی بووە.

باوکی ھەژار کەسایەتییەکی خوێندەوار بووە و زانیویەتی بە کوردی بخوێنێت و بنووسێت، ھەر ئەمەش ھانی داوە کە کوڕەکەی خۆی (ھەژار) ھەر لە تەمەنی پێنج ساڵانەوە ئاشنا بە خوێندنەوە و نووسین بکات و دواتریش بینێرێتە مەکتەب و حوجرە. لە ساڵی ١٩٤٠ دەستی بە ھۆنراوە وتن کردووە و ھۆنراوەکانی ئەحمەدی خانی، وەفایی و مەلای جزیری کاریگەری لەسەر ھەستی بووە. 
ھەژار ھەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، تێیدا ئەندام بووە و بەشداری کارە حیزبییەکانی داوە. ئەو بڕوایەکی زۆر بە تینی بە ئامانجەکانی ژ.ک. بووە چونکە لە دوای ئەو ھیچ کات لە ھیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیدا بە فەرمی نەبووەتە ئەندام. ھەژار لە کۆماری کوردستاندا دەوری ھەبووە و لەگەڵ ھێمن لەلایەن کۆمارەوە بە «ھۆنراوەوانی نەتەوەیی کوردستان» دەناسرێن. 
دوای تێکچوونی کۆماری مەھاباد لە ئازاری ١٩٤٧دا ناچاری بە جێ‌ھێشتنی وڵاتی دەبێ و ماوەی ٣٠ ساڵ لە باشووری کوردستان و دواییش لە شاری بەغدا نیشتەجێ بووە. لە پاییزی ١٩٤٧ بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشیی سیل بوو، دەچێتە لوبنان و دوای چاکبوونەوەی دەگەڕێتەوە عێراق، پاشان جارێکی تر لە حکوومەتی ئەوسای عێراق قاچاخ دەبێ، بەرەو سووریا ڕادەکات، و ماوەیەک لە سووریا دەمێنێتەوە دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتی مستەفا بارزانی و لە ساڵی ١٩٦٣ دا، ھەژار دەچێتە پاڵ شۆڕشەکە. 
کاتێک ڕێککەوتتنامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ لە نێوان سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و حکوومەتی عێراق مۆرکرا، ناردرا بۆ بەغدا بۆ ڕێکخستنی کاروباری یەکێتی نووسەرانی کورد کە تازە لە ١٠ی شوباتی ١٩٧٠دا دامەزرا بوو، لە کۆنگرەیەکەی ئەو یەکێتییە بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەر ھەڵبژێردرا و لە ھەمان کاتیشدا کرا بە ئەندام لە کۆڕی زانیاری کورد و توانی لە ساڵی ١٩٧٢دا پەرتووکی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی لە فارسییەوە بکاتە کوردی و لە چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد چاپی بکات. لەدوای بە ئاکام نەگەشتنی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی ١٩٧٥دا ڕۆشتە شاری کەرەجی ئێران و تا کۆتایی ژیانی (ساڵی ١٩٩١) لەوێ مایەوە. ھەژار لە ژیانیدا گەلێ تاڵی و ئاوارەیی کێشاوە. دوای مردنی تەرمەکەی بەرەو موکریان ھێندراوە و لە گۆڕستانی باغی فیردەوسی شاری مەھاباد نێژرا.

بە دەربەدەری یان لە ماڵی خۆم

لە خاکی عەرەب، لە ئێران و ڕۆم

کۆک و پۆشتە بم، ڕووت و ڕەجاڵ بم

کۆشکم دە قات بێ، وێرانەماڵ بم

ئازا و ڕزگار بم شادان و خەندان

یان زنجیر لە مل لە سووچی زیندان

ساغ بم جحێڵ بم بگرم گوێسوانان

یان زار و نزار لە نەخۆشخانان

دانیشم لەسەر تەختی خونکاری

یان لە کۆڵانان بکەم هەژاری

کوردم و لەڕێی کورد و کوردستان

سەر لەپێناوم گیان لەسەر دەستان

بەکوردی دەژیم بەکوردی دەمرم

بەکوردی دەیدەم وەرامی قەبرم

بەکوردی دیسان زیندوو دەبمەوە

لەو دنیاش بۆ کورد تێ هەڵدەچمەوە


کوردستان ئەی نیشتمانم

هێزی دڵ، ئارامی گیانم

جێی سەربڵندی و شانازی

تا دڵ دەخوازێ دڵخوازی

گوڵی پشکوتووی بێ پاییز

سیس نابێ و ناوەری هەرگیز

مێشکم، هەستم، بیرم، ژینم

بۆ تۆن ئەی گیانی شیرینم

تا زیندووم هەر تۆی مەبەستم

خۆشم دەوێی دەتپەرەستم

بشمرم لەشی بە گڵ بوو

دەڕوێنێ چەند گوڵ و دڕوو

گوڵم بۆ دەستی دڵدارت

چقڵم بۆ چاوی بەدکارت

گیانیش دەفڕێتە عاسمانت

ئەوسا تێر دەکا سەیرانت

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین