بەدرخانی بۆتان جوڵانەوەکانی کوردی

میرنشینی بۆتان

سیستمی بەڕێوەبردنی میرنشینەکان کە لەلایەن ئیدریسی بەدلیسەوە داڕێژرابوو ھەر وەک خۆی بەردەوامی پێ دەدرا، جگە لەو ماوەیەی نادر شا میرنشینی بۆتانی داگیر کرد لە سەرەتاکانی سەدەی ١٨. ئەم سیستمی بەڕێوەبردنە تاکوو شەڕی نێوان عوسمانی و ڕووسییەکان لە ١٨٢٨–٢٩ بەردەوام بوو. لەبەر ئەوەی دەسەڵاتی تورکە عوسمانییەکان لەم سەردەمەدا بەرەو لاوازی دەچوو، کوردەکان سوودیان لە بارودۆخەکە بینی و دەسەڵاتی خۆیان فراوان دەکرد، بە ڕاددەیەک کە دەسەڵاتیان گەیشتە ئەنقەرە.

دوای شەڕی ڕووسی و عوسمانییەکان، کوردەکان ھەوڵیان دا سەربەخۆیی بەدەست بێنن و لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا نەمێنن، ئەمەش لەڕێی ڕاپەڕینی ١٨٣٤ی بەدرخانەوە. دوای ئەوەی عوسمانییەکان تێبینی ئەوەیان کرد کە کوردەکان دەیانەوێت سەربەخۆ بن، بڕیاریان دا کە کۆتایی بە دەسەڵاتیان بێنن و سەربەخۆیی لە میرنشینەکانی ڕۆژھەڵاتی ئیمپراتۆرییەتیی عوسمانی بسەننەوە. ئەم بڕیارە لەلایەن ڕەشید پاشاوە دەرکرا، کە خۆی لە بنەڕەتدا کورد بوو. ھێزی چەکداری بە ناو و دەورووبەری ئەو شار و شارۆچکانەدا بڵاوکرانەوە کە لەژێر دەسەڵاتی میرنشینە کوردییەکان بوو، ھەروەھا یەک یەک بەگە کوردەکان لە دەسەڵات لادەبران و تورک لەجێیان دادەنرایەوە. دواتر لە ساڵی ١٨٤٣دا، بەدرخان جارێکی تر ھەوڵی بەرپاکردنی ڕاپەڕینی دایەوە، بەڵام ڕاپەڕینەکە بە توندی کپ کرایەوە، دوای شەڕی کریمیان، عوسمانییەکان توندتر دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرت.

کاتێک مەحموودی دووەم دەسەڵاتی گرتە دەست، ھەوڵی بەمەرکەزیکردنی ناوچەکەی دا، ھەروەھا دەیویست چەند گۆڕانکارییەکی تر لە ناوچەکەدا بکات کە زیانی بە دەسەڵاتی کوردەکان دەگەیاند، ھەر لەبەر ئەمە، دوو بنەماڵەی بەھێز و بە دەسەڵاتی کوردی لە ساڵی ١٨٣٠دا ڕاپەڕینێکی تریان دژی دەسەڵاتی عوسمانییەکان بەرپا کرد. بەدرخانی بۆتان لە بەشی ڕۆژاوای کوردستانەوە لە دەورووبەری ناوچەی دیاربەکر ڕاپەڕی، ھەروەھا محەممەد پاشای میرنشینی ڕەوادی لە ڕۆژھەڵاتەوە شۆڕشی ھەڵگیرساند و موسڵ و ھەولێری داگیر کردەوە و خستییەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی. لەم دەمەدا، عوسمانییەکان سەرقاڵی بەرپەرچدانەوەی ھێزە میسرییەکان بوون لە سووریا، لەبەر ئەوە نەیانتوانی کۆنترۆڵی ڕاپەڕینەکە بکەن. لە دەرەنجامی پەلکێشانی دەسەڵاتە کوردییەکان، بەدرخان توانی ناوچەکانی دیاربەکر و سلێمانی و سوێرەک و وێرانشار و سێرت و مەھاباد بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی. بەدرخان توانی میرنشینێکی کوردی لەم ناوچانەدا دابمەزرێنێت کە تاکوو ساڵی ١٨٤٥ بەردەوام بوو. لەبەر فراوانبوونی دەسەڵاتی میرنشینی بۆتان، بەدرخان پارەی تایبەت بە میرنشینەکەی دروست کرد. لە ساڵی ١٨٤٧دا، تورکەکان تەواوی سەرنجیان خستە سەر ئەم ناوچەیە و ھەموو ئەوەی لە توانایان بوو کردیان تاکوو دەسەڵاتی کوردەکان بپووکێننەوە. دەرەنجام، لە شەڕێکدا، تورکەکان توانیان بەسەر ھێزەکانی بەدرخاندا سەربکەون و بەدرخان دەربکەن بۆ کریت. دواتر بەدرخان گەڕێندرایەوە دیمەشق، کە تاکوو مەرگی لە ساڵی ١٨٦٨ لەوێ ژیا. بەدرخان دوو کەمپینی پاکتاوی لە ١٨٤٣ و ١٨٤٦ لە دژی ئاشوورییە مەسیحییەکان بەرپا کرد تاکوو بە زەبری زۆرداری بیانکاتە ئیسلامی؛ دەرەنجام، ٥٠٬٠٠٠ ئاشووری لەم کەمپینانەدا بوونە قوربانی و گیانیان لەدەستدا.

لە ئەسڵدا، بەدرخان کاتێک دەسەڵاتی گرتە دەست کە براکەی مرد. برازاکەی بەدرخان زۆری پێ ناخۆش بوو کە باوکی مردووە و بەدرخان دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، عوسمانییەکانیش توانیان ئەم خاڵی لاوازییە بەکار بێنن و برازاکەی بەدرخان ھەڵبخڵەتێنن و لە دژی بەدرخان بەکاری بێنن. ئەوان پەیمانی ئەوەیان دا کە ئەگەر بەدرخان بکوژێت، ئەوا دەسەڵات دەدرێتە دەست ئەو. برازاکەی بەدرخان کۆمەڵێک ھێزی کوردیی کۆکردەوە و ھێرشی کردە سەر ھێزەکانی مامی و توانی لە شەڕدا بەسەر بەدرخاندا سەربکەوێت؛ بەڵام تورکەکان بەپێچەوانەی پەیمانەکەی خۆیانەوە، لەجیاتی ئەوەی برازاکەی بەدرخان بکەنە پاشا، لەسێدارەیان دا.[٥٢] دوو گۆرانی کوردیی بەناوبانگ لەبارەی ئەم شەڕەوە ھەن بە ناوی «Ezdin Shêr» و «Ez Xelef im». دوای ئەم ڕووداوە، زنیرەیەک ڕاپەڕین لە سەڵی ١٨٥٠ بەدواوە سەریان ھەڵدا.

لە بەینی ١٨٤٧ بۆ ١٨٦٤دا، دەستەی بەڕێوەبردنی کوردستانێکی نیمچە سەربەخۆ ھەبوو کە بۆ ماوەی ١٧ ساڵ مایەوە. دروستبوونی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە سەردەمی تەنزیماتی مستەفا ڕەشید پاشا بوو، تەنزیماتیش لە ١٨٣٩–١٨٧٦ بەردەوام بوو. یەکەمجار، پایتەختی ھەرێمەکە خەلات بوو، کە دیاربەکر و مووش و وان و ھەکاری و بۆتان (جزیر) و ماردینی دەگرتەوە. بە تێپەڕبوونی کات، پایتەختی ھەرێمەکە چەند جارێک گوازراوەتەوە، یەکەمجار لە خەلاتەوە بۆ وان، دواتر بۆ مووش و لە کۆتاییشدا بۆ دیاربەکر گوازرایەوە. لە ساڵی ١٨٥٦، ئەو ناوچانەی کوردستانیان پێک دەھێنا بەرە بەرە کەمتریان دەکرد، تاکوو لە ساڵی ١٨٤٦ بە تەواوەتی کوردستان کۆتایی پێ ھێندرا.[٥٤] دوای ئەم زنجیرە ڕووداوە بوو کە شێخ عوبەیدوڵڵا لە ساڵی ١٨٨٠ ویستی شۆڕشێک بەرپا بکات و ناوچەکانی دەورووبەری وان و ئورمییە بخاتەوە ژێر دەسەڵاتی خۆی، ھەرچەندە شۆڕشەکەی شکستی ھێنا و عوسمانی و قەجەرییەکان بەسەریدا سەرکەوتن.

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین