پەیامی پارتی سەربەخۆیی کوردستان سەبارەت بە هێرشی موشەکی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆیە پەیام و بڵاوکراوەکان

هاونیشتمانیان و کوردستانیانی خۆشەویست

ڕیژیمی ئێران دوای بەردوامیی نزیک لە دوومانگی شۆڕشی ژینا بە باشی بۆی دەکەوتووە کە توانای سەرکوتی ئەم شۆڕشەی نیە و لێی تێگەیشتووە کە نەتەوەکانی بندەستی ئێران تا بەئامانج گەیاندنی شۆڕشەکەیان بەردەوام دەبن . سەرکەوتن و کۆتایی شۆڕشی ژینا لەگەڵ کۆتایی دەسەڵاتی ئەواندایە. ڕێژیم ترسی ئەوەی لێ نیشتووە کە لە ژێر کارتێکەری بەردەوامی شۆڕشدا هێزەکانی ئەرتەش دوودڵ بن لە پاراستنی دەسەڵات و تەقەی تێکەوێت و بچنە بەرەی خەڵکەوە .

هەر بۆیە لە پەلەقاژەی سەرەمەرگدایە. لەگەڵ ئەوەیدا لە ناوەوە بە دڕندانەترین شێوە بە گشتی خەڵکی ڕاپەڕیو سەرکوت دەکات ، بەتایبەت لە کوردستان و بلوچستان کە بونەتە دینەمۆی بەردەوامی شۆڕشەکە بە هیچ شێوەیەک دەست ناپارێزێت و دەستی بۆ کوشتار و سەرکەت ئاواڵەترە  . هەربۆیەشە  ڕادەی شەهیدەکان لەم دوو نەتەوەیە بە بەراوەرد لەگەڵ باقیی ئێران زۆر زیاترە.

 ڕێژیم لە پێناو پاراستنی دەسەڵاتەکەیدا دەیهەوێت بە هەر شێوە و لە هەر ڕێگایەکەوە بێت شەڕ بخاتە دەرەوەی سنوورەکان تا بتوانێت لەم ڕێگایەوە شۆڕشی ژینا ببەستێت بە دەروە ، بە پلان داڕێژراو و دەستکردی نەیارانی دابنێت و بە دەست تێوەردانی دەرەکیی لە پێناو دابەشکردنی ئێراندا تاوانباریان بکات. پێیوایە لەم ڕێگایەوە دەتوانێت یەکەم شەرعیەت بە سەرکوتی شۆڕشەکە بدات و  دووهەمیش سۆزی زیاتری هێزە چەکدارەکان بەلای خۆیدا ڕابکێشێت . لەم پێوەندیەدا دیوار لە دیواری حکومەتی هەرێمی کوردستانی نزمتر دەست نەکەوتووە . بۆیە بە کەڵک وەرگرتن لە پێدەنگی و ڕازیبوونی وڵاتانی دراوسێ و لەوەش گرینگتر هەڵوێستی لاواز وبێ کردەوە و شەرمێونانەی وڵاتانی ئوروپایی و بە تایبەت ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، هەر ماوەیەک جارێک دەست دەداتە بۆمباران و هێرشی درۆنی بۆ سەر هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پۆلێک لە ڕۆڵە بەئەمەگەکانی نەتەوەکەمان شەهید دەکات . دواییش بە مەحکوم و ئیدانەکردنێک نەجاتی دەبێت وەک بەرزی بابان دەربازی دەبێت .

پارتی سەربەخۆیی کوردستان هێرشە دڕندانەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر خەڵکی سڤیل، مەدرەسە و شوێنە کشتیەکان و بنەماڵە و هێزە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شەهید و بریندار کردنی ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمان بە توندی مەحکوم دەکات . هەروەها سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە گشتی و بنەماڵەی شەهیدانی ئەم هیرشە دڕندانەیە بە تایبەتی دەکات و هیوای هەرچی زووتر چاک بوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت .

پارتی سەربەخۆیی کوردستان داوا لە هەموو مرۆڤدۆستان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ  و ڕێکخراوە  ئن جی ئۆکان دەکات ، گوشار بخەنە سەر حکومەتەکانیان تا لە ڕێگای ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە   کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مەجبوور بکەن لەباتی ئەم هەڵوێستە لاوازانەیان لە بەرانبەر کردەوەکانی ئێران کە هەڕەشەی جیدیە بۆ سەر مرۆڤایەتی بە گشتی . بۆ ڕزگاربوون لە شێرپەنجەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لابردنی ئەو خاڵە ڕەشە بە نێوچاوانی کۆمەڵگای مرۆڤایەتیەوە هەڵوێستی جیددی و بە کردەوییان هەبێت کە لە ئاست ئەو تاوانانەدا بێت کە کۆماری ئیسلامی بەرابنەر بە نەتەوەکانی بندەستی ئێران و دەرەوەی سنوورەانی  ئێرانیش دەیکات .

سەرکەوتوو بێت شۆڕشی ژینای کوردستان

پارتی سەربەخۆیی کوردستان

١٤/١٠/٢٠٢٢
 

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین