پەیامی پیرۆزبایی کاک جەعفەر تیکانتەپە بۆ کۆنگرەی پێنجی پارتی سەربەخۆیی کوردستان پەیام و بڵاوکراوەکان

بۆ كۆنگرەی پێنجەمەی پارتی سەربەخۆیی كوردستان 

هاوڕیانی خۆشەویست، وێڕای سڵاوێكی شۆڕشگێرانە بەگەرمی پیرۆزبایی بەستنی كۆنگرەی پێنجەمەی پارتەكەتان لێدەكەم.
بەهیوام لەم هەلومەرجە ناسكەدا كە دونیا خەریكە بەئەسپایی دەگلێتە ناو چەشنێك لە شەڕی عالەمیەوە پارتەكەتان لە ژێر دروشمی دیاریكراویدا بتوانێت بەكردەوە خوڵقێنەری هیوا بێت بۆ گەلەكەمان.
هاوڕیانی بەڕێز هەروەك ئاگادارن ڕەوتی سەربەخۆیخوازی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان سەرەڕای هەموو كۆسپ و تەنگووچەڵەمەكان توانیویەتی لە بوارە جۆڕاوجۆرەكاندا سەربەرزانە خۆ بەدۆست و دوژمن بناسێنێت. ئاخێزە جەماوەریەكانی سەردەمی ڕیفڕاندۆمی باشووری كوردستان، مانگرتنە سەراسەری و بێوێنەكەی ٢٢ خەرمانان و گەشەی ڕێكخراوە مەدەنیەكان، دەرخەری ئەم ڕاستیەن.
جاران ئەگەر ئەحزابی خۆماڵی لە وتووێژ لەگەڵ میدیای دەرەكی و یان ئوپۆزسێۆنی ئێرانیدا مزگێنی نەبوونی ڕەوتی سەربەخۆیخوازیان پێدەدان، ئێستا ئیتر حاشایان بۆ لێناكرێت، تەنانەت كۆماری ئیسلامیش خەڵكانی ڕاپەڕیوی ئێرانی لە جیابوونەوەی كوردستان دەترسێنێت.
بەداخێكی گرانەوە سەرەڕای ئەوەی كە ئەم ڕەوتە لە گەشە دایە و هەتا ناوچەكانی ئیلام و كرمانشانیشی تەنیوەتەوە بەڵام نێتوانیوە ببێتە خاوەن حیزبێك كە لە قەبارە و بارتەقای خۆیدا بێت. حیزبێك كە نەك هەر لە ستراتیژی بەڵكوو لە تاكتیك و شێوەی خەباتیشدا جیاوازی تایبەت بەخۆی هەبێت.
هیواخوازم كۆنگرەكەتان كۆسپەكانی سەر ئەم ڕێگایە بدۆزێتەوە و لە دابین و دەستەبەركردنی شێواز و تاكتیكی گونجاو و نوێدا ڕچەشكێنی بكات و ئەو بۆشایە گەورەیە وردەوردە پڕ كاتەوە.

دڵسۆزتان جەعفەر تیكانتەپە 
٢٠٢٢/٤/٢٠

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین