پەیامی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بە بۆنەی دووی ڕێبەندان پەیام و بڵاوکراوەکان

لەناو هەموو گەل و نەتەوەیەک ڕۆژێک بۆ بەرزڕاگرتن و شوناسی نەتەوەیی بوونی هەیە کە بە ڕۆژی نەتەوەیی(National Day)پێناسە دەکرێ. لەناو کوردستانی ئێمەش ئەگەرچی هەتا ئێستا لەبەرهۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی نەماتوانیوە نیشتمانێکی سەربەست و ئازادمان هەبێ، بەواتایەکی دیکە وڵاتێکی سەربەخۆ بەناوی کوردستان ئاڵای لە لەبەردەم ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەنا وڵاتانی دیکە بشەکێتەوە، بەڵام لەناو دڵی هەموو کوردێکی ڕاستەقینە و نیشتمان پەروەر ڕۆژی "٢ـی ڕێبەندان" وەکوو ئەو ڕۆژە نەتەوەییە سەیر دەکرێ و شانازی پێوە دەکەن.
جیاوازی ئەو ڕۆژە لەگەڵ دەیان ڕۆژی دیکە کە بزووتنەوە و سەرهەڵدانەکانی کورد بوێرانە و دڵسۆزانە و مافخوازنە لەمەیدانی سەربەستی دا تێکوشاون لەوەدایە کە، کورد لەو ڕۆژەدا و لە ژێر ئاڵا و لەبەرامبەر پیشەوای نەمر "قازی محەممەد" یەکەم حکومەتی دێموکراتیکی کوردی دامەزارند. واتە لەم ڕۆژەدا کورد توانی بە بیرێکی ناسیونالیستی بە مەبەستی وەدی هاتنی خەونی گەورەی کوردان حکومەتێک پێک بێنیت کە دواتر بتوانێ پارچەکانی دیکەش تەڤڵی ئەو ڕەوتە بکا. بۆ ئەو مەبەستە نوێنەرانی سێ بەشەکەی دیکەی کوردستانیش لەو ڕۆژەدا و لە جەریانی کۆماری کوردستان بەشداری چالاکانەیان هەبووە.
هەموو ئەو بیرۆکە و ویستی یەکێتی و یەکبوونی کورد لەلایەن قازی محەممەد لە سەردەمی کۆماردا هاتە ئاراوە و توانرا چەندین هێما کە هەتا ئێستاشی دەگەڵ دابێ کورد لە هەموو شوێنێکی ئەم جیهانە سەری پێ بەرز دەکا و بەشانازییەوە ناویان بەرێت، دابهێنیت کە ئەویش بریتین لە “ئاڵا، هێزی پێشمەرگە و سروودی نەتەوەیی”، جیا لەمەش بۆ یەکەم جار بوو کە لە ڕەوتی بزووتنەوەیەکی کوردی دا هەموو چین و توێژێکی کوردی بەبێ جیاوازی پلە و پایە بەشدار بن و دەستەڵاتیان هەبێ و ببیندرێن، هەروەک جەنابی حەزرەتی پێشەوا لە نوتقی مەراسمی دووی ڕێبەندان دا لە بەشێک لە فەرمایشەکانی دا فەرمووی: ئەوڕۆکە نمایندەگانی تەواوی نواحی و نوقاتی کوردستان بێ ڕەعایەتی تەبەقات ئەعم لە ئاغا و ڕەعییەت و گەورە و بچووک کۆبوونەوە و یەک دڵ و یەک زمان هاواری دێموکراسی دەکەن و بەڕێی دێموکرات‌دا دەرۆن، ئەمە قودەرت و قووەتی دێموکرات نیشان دەدا.”
کەواتە ڕۆژی دووی ڕێبەندانی ١٣٢٤ خاڵی وەرچەرخانی مێژوویی نەتەوەی کوردە کە دوای ئەوە، بزووتنەوەکان بەیەکجاری ڕەنگی نیشتمان پەروەری و ڕێچکەی دیاری خەباتیان بۆ دیاری کرا و هەتاهەتایە وەک ڕۆژێکی پڕشنگدار لە مێژووی خەبات و بەرخودانی گەلی کورد بە گەورەیی و پیرۆزییەکی تایبەت یادی دەکرێتەوە.

پیرۆز بێ ٢ی ڕێبەندان ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان

پارتی سەربەخۆیی کوردستان
2022-01-20


 

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین