پەیامی پشتیوانی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بۆ خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئەهواز پەیام و بڵاوکراوەکان

هاونیشتمانانی هێژا و گەلانی تێکۆشەری ناو جوگرافیای ئێران!

 زیاتر لە شەش رۆژە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکی ئەحواز لە زۆربەی شارەکانی ئەم پارێزگایە و دەور و بەری بەچڕی دەستی پێکردوە و تا دێت پەرەگرتر دەبێت و کۆماری ئیسلامیش بە دڕندانەترین شێوە لە هەوڵی سەرکوتیاندایە. هەتا ئەمڕۆ بۆ ئازادی و ئاو و نان سەدان کەس بریندار کراون و 7 کەسیشیان بەگوللەی سپای سەر کوتکەری خامنەیی کوژراون.
 گەلی ئەحواز وەک باقی نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ناو جوغڕافیای بەناو ئێران لە خێر و بێری خاک و وڵاتی خۆیان بێبەش کراون و کۆماری پەت و سێدارە لە هەموو ڕێگایەکەوە سامانە سروشتییەکانی ئەم پارێزگایە لە نەوت و گاز بگرە تا بەرهەمە کشتوکاڵیەکان بە تاڵان دەبات. ڕێ ڕەوی ئاو و سەرچاوەکانیان دەگۆڕێت و دەیانگوێزێتەوە بۆ ناوەندە فارس نشینەکان و هۆر و سەرچاوی بژێوییان لێ وشک دەکات و کارەساتی وشکەساڵی دەسکردیان بۆ دەخولقێنێت. 
نەتەوەی عەرەبی ئەحواز لەگەڵ ئەوەی یەک لە نەتەوە دەوڵەمەندەکانی وڵاتی بە ناو ئێرانە خاوەنی خاکی بە پیت و گەورەترین کانگای نەوتی ناوچەکەیە بەڵام سەختترین و ناخۆشترین ئاستی ژیانیان هەیە بەشێک لە خەڵکی حوەێزە و خەفاجییە و حەمیدیە، ئێستاش لە کۆخ و خانوی قامیشیدا دەژین . گەنجان و لاوان و شۆڕشگێڕانیان دەگرن و لە چاڵە ڕەشەکانی ئەشکەنجە دەدرێن و بە پەتی سێدارە دەسپێردرێن. ئێستاش وەک دەبینین گەلی ئەحوازی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەکی بەرینیان لە زۆربەی شارەکان دەست پێکردوە و سپای پاسدارن و هێزی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی بە نامرۆڤانەترین شێوە بەرەنگاریان دەبنەوە و هەوڵی سەرکوت کردنیان دەدان. پارتی سەربەخۆیی کوردستان پێی وایە کە هاوخەباتی و پشتگیری نەتەوەکانی ناو جوغرافیای دەستکردی ئێران بۆ گەلی ئەحواز ئەرکێکی مێژوییە و هەلێکە بۆ هاوخەباتی یەکدەست لە پێناو سەربەخۆیی و سەروەری گەلانی بندەست.
 پارتی سەربەخۆیی کوردستان پشتیوانی لە خەباتی ڕەوای گەلی ئەحواز دەکات و پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندانەکانی گەلی ئەحواز لە پێناو مافە ڕەواکانیان دەردەبڕێت و داوا لە نەتەوەی کورد و باقی نەتەوەکانی تریش دەکات پشتیوانی برایانی نەتەوەی عەرەبی ئەحواز بن.

 سەرکەوێت خەباتی نەتەوە بندەستەکان لە پێناو ڕاماڵینی داگیرکەران و گەیشتن بە سەربەخۆیی و سەرفرازی نەتەوەیی. 
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
 2021/07/22

 

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین